عێراق

دادگای بەغدا سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ رفێنەری ڕۆژنامەنوسە ئەمریکیەکە دەرکرد

A بڵاوکراوەتەوە لەلایەن Admin
August 31, 2026 03:45 PM 30 بینینەکان
هاوبەشکردن:
دادگای بەغدا سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ رفێنەری  ڕۆژنامەنوسە ئەمریکیەکە دەرکرد

برەو

دادگای تاوانی ناوەندیی بەغدا بە فەرمی سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەسەر چەکدارێکی تێوەگلاو لە رفاندنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لە بەغدا سەپاند.



ئەمڕۆ ٣١ی ئاب بەپێی نووسراوێکی فەرمیی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دەستەی دادگای تاوانی ناوەندی لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا-رەسافە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحمەد محەمەد خەلەف، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بەسەر تاوانبار ئەمیر رەحیم جەبار لازمدا دەرکرد، بەهۆی ساخبوونەوەی تاوانی رفاندنی هاوڵاتی و رۆژنامەنووسی ئەمریکی شێلی رێنی کیتلسن.



لە بڕیارەکەی دادگادا روونکراوەتەوە کە سزاکە بەپێی ماددەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥ سەپێنراوە، دوای ئەوەی ناوبراو لە رۆژی ٣١ ئاداری ٢٠٢٦دا لە ناوچەی سەعدوونی شاری بەغدا رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەی رفاندبوو، هاوکات ماوەی دەستبەسەربوونی لە یەکی نیسانەوە تاوەکو ٢٩ی ئاب لە ماوەی سزاکەی هەژمار کراوە.



رووداوی رفاندنی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە لە ٣١ی ئاداری ئەمساڵدا لە شاری بەغدا و لە کاتی پەرەسەندنی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روویدا، کاتێک لەلایەن چەکدارانی کەتائیب حیزبوڵاوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەستبەسەرکرا و تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش راگەیاندنی رێکەوتنی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران ئازاد کرا.



شێلی کیتلسن لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) وێنەی بڕیارەکەی دادگای بڵاوکردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەربڕی.

بۆچوونەکان

هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!

برەو

میدیای گشتی کوردستان

دەربارەی ئێمە

بابەتی پەیوەندیدار